بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئه‌حمه‌د شاملوو… –

ئه‌حمه‌دی شاملوو، ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی ئاسمانی ئه‌ده‌بياتی نوێی ئێران

ئارێز ئەحمەد سنەیی (جەلال مەلەکشا)

 

له‌م ساڵانه‌ی دواييدا زۆر که‌ڵه‌شاعير و که‌ڵه‌نووسه‌رانی ئێران کۆچی دواييان کرد، وه‌ک بڵێی په‌يمانيان پێکه‌وه‌ به‌ستبوو که‌ يه‌کتر به‌جێ نه‌هێڵن، مه‌هدی ئه‌خه‌وانی ساليس، سوهرابی سپێهری، حه‌ميدی موسه‌دديق، سياوه‌ش که‌سرايی، نوسره‌تی ره‌حمانی، بيژه‌نی جه‌لالی، هووشه‌نگ گوڵشيری و نادر نادرپوور و… هه‌موو له‌م چه‌ند ساڵی رابردوودا يه‌ک له‌ دوای يه‌ک ماڵئاواييان کرد و بار و کۆچيان به‌ست.

ئه‌مجاره‌ش ئه‌ده‌بياتی نوێی ئێران کۆستێکی گه‌وره‌ی که‌وت. ئه‌حمه‌دی شاملوو ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی ئاسمانی ئه‌ده‌بياتی ئێران، دوای حه‌فتاوپێنج ساڵ ژيانی پڕ له‌ شانازی ماڵئاوايی کرد. چاوه‌کانی لێک‌نا و دڵه‌ گه‌وره‌که‌ی له‌ لێدان که‌وت.

ئه‌حمه‌دی شاملوو، له‌ ساڵی 1306ی هه‌تاوی واتا ساڵی 1927ی زايينی له‌ دايک بوو، باوکی سه‌رهه‌نگی ئه‌رته‌ش بوو و به‌و هۆيه‌وه‌ له‌ يه‌ک جێ نيشته‌جێ نه‌ده‌بوون. ئه‌حمه‌دی شاملوو ساڵه‌کانی منداڵی و مێرمنداڵی له‌ شاره‌ جۆراوجۆره‌کانی ئێران و به‌تايبه‌ت له‌ شاری (خاش)ی به‌لووچستان ڕابردووه‌. هه‌روه‌ک خۆی ده‌ڵێ: هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ زوڵم و بێدادم هه‌ست پێکرد. ئه‌ڵێ: کاتێ له‌ پادگانی خاش سه‌ربازيان دارکاری ئه‌کرد و به‌ شه‌للاخ لێيان ده‌دان و ئه‌وان هاواريان ده‌کرد، من ده‌گريام. شاملوو نه‌يتوانی له‌ قوتابخانه‌ زۆر بخوێنێ؛ به‌ڵام له‌ زانستگای نێو کۆمه‌ڵگادا مه‌دره‌کی باڵای وه‌رگرت، ده‌رد و ئازاره‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆی ده‌ناسی… سه‌ره‌تای شاعيری هاوارێکی پڕ له‌ وشه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ بوو.. هێشتا نه‌گه‌یشتبووه‌ شيعری سپی، هه‌ر به‌ ڕێبازه‌که‌ی نيمادا ده‌چوو…

دوای شه‌ڕی دووهه‌می جيهانی، له‌ لايه‌ن وڵاته‌ هاوپه‌يمانه‌کانه‌وه‌، به‌ تاوانی لايه‌نگری له‌ ئاڵمانی هيتله‌ری گيرا و بۆ ماوه‌يه‌ک به‌ند کرا… شاملوو له‌ سه‌ره‌تای سێهه‌مين ده‌يه‌ی ته‌مه‌نی خۆيدا، يه‌که‌م به‌رهه‌می بڵاو کرده‌وه.‌ (هه‌وای تازه‌) نێوی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بوو که‌ نيشان ده‌دا شاملوو هێشتا نه‌یتوانيوه‌ خۆی له‌ ژێر سێبه‌ری نيما يووشيج‌دا قوتار بکات. ناوه‌رۆکی زۆربه‌ی ئه‌و کتێبه‌ هاندانی خه‌ڵکه‌ بۆ وه‌ده‌ست‌هێنانی مافه ‌ڕه‌واکانيان و ئازادی و سه‌ربه‌ستی.

(باغ آينه‌) باخی ئاوێنه‌، (آيدا در آينه‌) ئايدا له‌ ئاوێنه‌دا، (ققنوس در باران) قه‌قنه‌س له‌ باراندا، (مرثیه‌ خاک) شيوه‌نی خاک، (شکفتن در مه) پشکووتن له‌ مژدا، (ابراهيم در آتش) ئيبراهيم له‌ ئاوردا و (دشنه‌ در ديس).

ئه‌و ديوانه‌ شيعرانه‌، به‌رهه‌می ژيانی شاعيرانه‌ی ئه‌حمه‌د شاملوون، جگه‌ له‌وانه‌، وه‌ک (مه‌رگ کسم و کاری منه‌)، (پێ خاوسه‌کان)ی زاکاريان ئێستانکوو چه‌ند ڕۆمانێکی ديکه‌… دوايين وه‌رگێڕانی ڕۆمانی(دۆنی ئارامی)ی (شولۆخۆف)ه‌، که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ حه‌ياتی خۆيدا چاپ نه‌کرا… له‌ چالاکيه‌ ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگيه‌کانی ديکه‌ی شاملوو، پێداچوونه‌وه‌ و ڕاست‌کردنه‌وه‌ی ديوانی حافيزی شيرازی بوو که‌ هه‌ر ئێستا به‌ ناوی حافيزی شاملوو به‌ناوبانگه‌.. (کتێبی کووچه‌)(کتێبی کۆڵان) له ‌به‌رهه‌مه‌ گه‌وره‌کانی شاملووه‌ که‌ تا ئێستا نزيک به‌ ده‌ به‌رگی بڵاو بووه‌ته‌وه‌ مه‌زن‌ترين فه‌رهه‌نگی جه‌ماوه‌رييه‌.

شاملوو دوای کۆده‌تای ڕێژيمی په‌هله‌وی دژی دوکتۆر موسه‌دديق تووشی مه‌ئيووسی و بێ‌هيوايیه‌کی قووڵ بوو که‌ له‌ شيعره‌کانی ئه‌م ده‌وره‌يدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌.

ئايدا له‌م ناهومێديه‌ ڕزگاری ده‌کا. شاملوو له‌گه‌ڵ ئايدا په‌يمانی هاوسه‌ری ده‌به‌ستێ، به‌ قه‌وڵی خۆی به‌ (نيگای ئايدا) ژيان ده‌ست‌پێ‌ده‌کاته‌وه. شاملوو له‌ درێژه‌ی ته‌مه‌نيدا هه‌ميشه‌ و به‌رده‌وام دژی زوڵم و بێداد ڕاوه‌ستاوه‌ و چۆکی نه‌داوه‌ و ده‌نگی ناڕه‌زايه‌تی خۆی به‌ دنيا گه‌ياندووه‌، هه‌ر بۆيه‌ بوو به‌ شاعيرێکی جيهانی و چه‌ندان خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی و نێوده‌وڵه‌تی برده‌وه‌.

له‌ ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئيسلامی، شاملوو ناچار وڵاتی به‌جێ هێشت و بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک له‌ ئه‌ورووپا مايه‌وه؛ به‌ڵام تاقه‌تی دووری له‌ وڵاته‌که‌ی نه‌بوو، گه‌ڕايه‌وه‌ و له‌ ژێر سێبه‌ری ترس و سامی دوژمنانی ئازادی و هه‌ڕه‌شه‌ و گوشاری پاوان‌خوازاندا، پێی چه‌قاند و به‌ سه‌رفه‌رازی هه‌تا دوا هه‌ناسه‌ی ژيانی ڕاوه‌ستا. زۆر تۆمه‌ت و بوختان و قسه‌ و قسه‌لۆکيان بۆ هه‌ڵبه‌ست، هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنيان لێ کرد؛ به‌ڵام شاملوو داره‌بيه‌ک نه‌بوو به‌و بايانه‌ بله‌رزێ.

(دوو ساڵی پێش) نه‌خۆشينێکی قورسی گرت و ناچار پايێکی بڕدرايه‌وه‌؛ به‌ڵام شاملوو وره‌ی خۆی له‌ده‌س نه‌دا و به‌ يارمه‌تی ئايدای هاوسه‌ری به‌رده‌وام کاری ده‌کرد و پشوونه‌ناس بوو.

شاملوو دۆستی ميلله‌ته‌ به‌ش‌خوراو و بن‌ده‌سته‌کان، به‌تايبه‌ت دۆستی ميلله‌تی کورد بوو. له‌ ده‌وره‌يێکدا وتاری (کتاب جمعه)ی بڵاو کرده‌وه‌. من بۆ يه‌که‌م‌جار چه‌ند شيعرێکی عه‌بدوڵڵا په‌شێو و شێرکۆ بێکه‌سم به‌ فارسی وه‌رگێڕا. له‌ سه‌فه‌رێکم‌دا بۆ تاران شيعره‌کانم بۆی برد. زۆر به‌ گه‌رمی پێشوازی لێکرد و گوتی زۆرم پێ‌خۆشه‌ زياتر له‌ شيعر و ئه‌ده‌بياتی کوردی بزانم. من دواتر، چند به‌رهه‌می کورديم بۆ کرده‌ فارسی و زۆری پێ خۆش بوو. ته‌رجه‌مه‌ی شيعره‌کانی له‌تيف هه‌ڵمه‌ت و عه‌بدوڵڵا په‌شێوی بڵاو کرده‌وه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وابزانم ده‌رفه‌ت نه‌بوو شيعره‌کانی شێرکۆ بڵاو بکاته‌وه‌ و گۆڤاره‌که‌ داخرا و شاملوو په‌ڕيوه‌ی وڵات بوو.

سه‌ره‌نجام ئه‌حمه‌دی شاملوو ڕۆژی 25/7/2000 کۆچی دوايی کرد و له‌ ڕۆژی پێنج شه‌مه‌ی 23/7/2000 به‌ به‌شدار بوونی زياتر له‌ په‌نجا هه‌زار که‌س ته‌رمه‌ پيرۆزه‌که‌ی به‌ره‌و گۆڕستان و مه‌نزڵه‌ ئه‌به‌ديه‌که‌ی به‌ڕێ کرا. ڕۆحی شاد بێ.

ته‌رجه‌مه‌ی شيعرێکی ئه‌حمه‌دی شاملوو:

(شه‌وانه‌)

بۆ من،

         تۆ، بێ‌هۆ نيت

به‌ڕاستی،

           خه‌ڵاتی کامه‌ قه‌سيده‌ی

                                         ئه‌ی غه‌زه‌ڵ!

ئه‌ستێره‌بارانی وه‌ڵامی کام سڵاوی به‌ هه‌تاو

                                                      له‌ ده‌لاقه‌ی تاريکه‌وه؟‌

په‌يڤ له‌ نيگای تۆ ده‌گۆڕێ

ئه‌ی خۆش به‌و نه‌زه‌ربازييه‌ی

                                    که‌ تۆ ده‌ستی پێده‌که‌ی!

له‌ پشت بيلبيله‌کانته‌وه‌

           هاواری کامه‌ زيندانيه‌

که‌ ئازادی، وه‌ک ده‌سته‌ گوڵێکی سوور

                            بۆ لێوی هه‌ڵمساو هه‌ڵده‌داوی؟

ئه‌گه‌ر نه‌،

ئه‌م ئه‌ستێره‌بازييه‌

                    حاشا، هيچی قه‌رزدار به‌ هه‌تاو نييه‌!

نيگا به‌ ده‌نگی تۆ ئاسايش په‌يدا ده‌کا

چ به‌ بڕواوه‌ ناوی من بانگ ده‌که‌ی

وه‌ دڵت

        کۆتری ئاشتييه‌

            خه‌ڵتانی خوێن

                    له‌ سه‌ربانێکی تاڵ

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش

             چه‌ند بڵند

                چه‌نده‌ به‌رز

                              هه‌ڵده‌فڕێ!