– تاسه –
تاسه
بۆ عه‌بدوڵڵا په‌شێو
خۆشه‌ویستم!
زۆر له‌مێژە
تاسه‌ی دووریت
وه‌ک دڵۆپێ فرمێسک له ناو
گلێنه‌ی چاوما قه‌تیس ماوه!
هه‌وری ئازار
به سه‌ر کێڵگه‌ی تینووی دڵما
پرچی ڕەشی خه‌م و زووخاوی ئاڵاوه!
خۆشه‌ویستم!
تاسه‌ی دووریت، بوو به تفه‌نگ،
ده‌ستی له مل چیا کرد و نه‌هاته‌وه.
تاسه‌ی دووریت، بوو به خه‌یاڵ
ڕۆیی، ده‌رگای سنووره‌کان بکاته‌وه!
تاسه‌ی دووریت، بوو به حه‌للاج
سێداره‌ی کرد به، جێژوانی دڵداری و ماچ!
خۆشه‌ویستم!
له نێوانی من و تۆدا
ده‌ریای ئاگر شه‌پۆل ئه‌دا
سنوور وه‌ک سه‌گ ئه‌لوورێنێ
قه‌پ به پاژنه‌ی قاچا ئه‌کا
هه‌نگاو به هه‌نگاو تێمانه
به‌ڵام من، ئه‌و ئهویندارهم
له ناو خوێنا ئهژیێمهوه
شه‌قڵی سنووریان ئه‌شکێنم
به حه‌یران و سیاوچه‌مانه!
خۆشه‌ویستم!
باسی دڵداری من و تۆ
دنیای گرت و هێشتا ئێمه له یه‌ک دوورین
باسی دڵداری من و تۆ
چاوی مێژووی
کرده کانیی فرمێسک و خوێن
هێشتا ئێمه
سه‌ده و ساڵ و مانگ ئه‌ژمێرین!
خۆشه‌ویستم!
تۆ ڕێکه‌وه
من هه‌وڵ ئه‌ده‌م
با به یه‌کتر بگه‌ینه‌وه!
تۆ با‌نگم که،
من پڕ به ده‌م هاوار ئه‌که‌م!
وه‌ڵام یه‌کتر بده‌ینه‌وه.
قه‌ف قه‌ف زنجیر سنووره‌کان بپچڕین و
ئه‌و هێلانه شێواوه‌مان
بکه‌ینه‌وه به نیشتمان!
1358 – 1979
جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha