Tag Archive for: شیعری ڕۆحی کوێستان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ڕۆحی کوێستان –

ڕۆحی کوێستان

 

 

 

کە ‌ھەرەس ھات

ھێندێ کەوتن

ھێندێ ڕێگەیان ھەتڵە کرد

ھێندێ خۆیان پێ نەگیرا و

بەرەو ئەودیوی گردەشان ئاوارە بوون!

ئەوانەش وا

بەھار لەنێو دەروونیاندا پێدەکەنی

سینگیان ڕووگەی خۆرەتاو و

ڕۆحیان گوڵەکێویلە ‌بوو

دڵیان لەگەڵ دڵی خاکدا ئاوێتە ‌بوو

وەک دار بەڕوو

بوون بە ‌تۆوی گڕ و کڵپە و

بەرەو ناخی کوێستان ڕۆچوون!

 

بەفر و ڕنوو توایەوە

منیش ھاتووم بۆ چەپکێ گوڵ

ھێندێ لە ئەو بەرزانەوە ‌ڕاوەستاون

جامەی سووری گوڵەکانیان لەبەردایە

دەیانناسم، ھەر چقڵەکانی جارانن

سیمایان بە خوێناوی گوڵ ڕەنگ کردووە

وەک دەوڵی بۆش ھەڵمساون

ھێندێ چەکمەسووری بەرتیپ، زوڕنا بەدەست

کردوویانە ‌بە شایلۆغان

بە ‌دیلان و چەپڵەڕێزان

دەڵێن بەھارە، بەھارە…

چاو دەگێڕم…

ئەی بۆ چیا ڕەش دەنوێنێ؟!

ئەمانە کێن؟!

من دەگریم و…

ئاو و خاک و دارستانی ئەم بنارەش

بە کوڵ دەگرین

ئەمانە کێن، گوڵەکان پێشێل دەکەن؟

ڕۆحی کوێستان دەزریکێنێ!

 

٢٠/٢/٧١ – May ١٠, ١٩٩٢

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha