بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– دوایین نامه –

دوایین نامه

 

 

دوایین نامه‌‌م

په‌ڵه‌هه‌ورێکی دڵته‌نگه

به ‌ئاخی دڵ ئاخنراوه!

وشه‌کانی

دڵۆپ دڵۆپ

به ‌خوێن، به ‌ئه‌سرین، نووسراوه!

کاتێ نامه ‌هه‌ورینه‌که‌م ده‌که‌یته‌وه

ئاگات لێ بێ

سینگ و به‌رۆکت ته‌ڕ نه‌بێ

هه‌ندێ وشه‌م

تینوون، تامه‌زرۆن، به‌دفه‌ڕن!

چمکی داوێنه‌که‌ت هه‌ڵکه

نه‌کا وشه‌ی خوێن سووری کا

ئاخر پۆلیس، ماوه‌یه‌که

بۆ قاتڵی من ده‌گه‌ڕن

 

زیندانی ورمێ

4/7/1371 – September 29, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– دوایین نامه –

دوایین نامه

 

 

نامه‌که‌تم کرده‌وه

چاوه‌ڕوان بووم وه‌ک جاران

بملاوێنێ وشه‌ی جوان

چاوه‌ڕوان بووم

شانه‌ی هه‌نگوێن هه‌ڵمژم!

ده‌ستی وشه‌ی سه‌وزی ئه‌وین شانه‌ کا

وه‌رزی ڕە‌ش و سارد و شێواوی قژم!

وشه‌ی یه‌که‌م

سڵاو، به‌ڵام سارد و سڕ

نێوئاخنی نامه ‌سه‌هۆڵ وه‌ک شه‌خته!

چۆن نه‌مردم؟ نازانم ڕە‌نگه ‌ڕاست بێ

نه‌زیله‌ی کۆن، ده‌ڵێن عاشق گیان‌سه‌خته‌!

دێڕی دوایی، هێڵی گاسنی خه‌م بوو…

گوڵجاڕی دڵ بوو به‌ کێڵگه‌ی جودایی

بڕۆ بڕۆ خودات له‌گه‌ڵ بێ به‌ڵام

دڵی عاشق ناسکه ‌زوو ده‌پرووکێ

له‌ به‌رامبه‌ر ته‌وژمی ماڵئاوایی!

 

29/11/1371 – February 17, 1993

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha