دڵی هیوا

سروە ٤٩ | کارەسات | جەلال مەلەکشا

شەو بوو. شەوێکی درێژ و بێ بڕانەوە. تاریک و رەش و شادی لە دڵان کۆچی کرد بوو. گوڵی بزە و پێکەنین ژاکابوو. ئیتر تەنانەت کەس نەدەگریا، وەک وا بوو خەڵک ببوون بە بەرد. وەک تەتڵە میران، دەهاتن و دەچوون. هیچ دڵێک کزە و چزەی ئەوینی تێدا نەمابوو. ئەوین مردبوو. ئەوین بمرێ، دڵیش دەمرێ. دڵ کە مرد خۆشەویستیش دەمرێ. کەوابوو ئیتر کەس لە حاندی کەس میهرەبان نەبوو. هەموو سەرلێ شێواو. بێ دەنگ. کڕ ومات. بێ هێوا و ئاوات هەڵپڕۆسقاو…لە شەوێکی وەها تاریک و سامناکدا. هیوا کوڕە هەژاری ئەو وڵاتە ویستی بە پێچەوانەی یاساکان وەدوای رۆژ بکەوێ. کاتێ بیروڕای خۆی بۆ هاواڵەکانی گێڕاوە. هەموو بە رشقەنەوە پێکەنین و گوتیآن بێگومان شێت بووی. رۆژ لە مێژە مردووە.

بەڵام هیوا خۆی بە دەست ناهومێدی یەوە نەدا. دەیزانی ئەوەندە دڵان سارد بێ تین بوون کە ئیتر بڕوایان بە تیشک و رووناکی لە دەست داوە. رۆژێک تۆشەی سەفەری پێچاوە و ملی رێگای گرت:

-هیوا مەڕۆ، رۆژ مردووە..

-ئەز رۆژ دەدۆزمەوە

-تۆ شێت بووی هیوا، قەت پیاوی عاقڵ وەدوای شتێکی نەدیو دەکەوێ؟

-رۆژ راستی یەکی روونە و من دەیدۆزمەوە.

-پێش تۆ زۆرکەس، دوای رۆژکەوتن و نەگەڕانەوە.

هیوا کوتی: رۆشتن باشتر لە مانەوەیە. تەنانەت ئەگەر هەر نەگەیێم، خۆرچەی بەشێک لە رێگا بۆ داهاتووان دەشکێنم.

خەڵک وەک شتێکمان دیبێ دایان لە شاخەی پێکەنین. هیوا وەڕێ کەوت دڵی دەریا بوو. ئیمان لە نێو دڵی دا شەپۆلانی دەدا. ئەرخەیان بوو رۆژ دەدۆزێتەوە.

هیوا، شەو و رۆژ بێ وچان رێگای دەبڕی. ئیتر حیسابی رۆژ و مانگ و ساڵی نەدەکرد. هیوا زۆر رۆیی، کەم رۆیی گەیشتە لای کانیاوێکی روون و بەخوڕ. دانیشت و نوردە نانەکەی کردەوە. رێگایەکی زۆری پێوابوو. بەڵام هەستی بە ماندووەی نەدەکرد. هەموو گیانی هێز و هان بوو. پارۆیەکی نانی دە زاری نا و لەپڕ سوارێک سەری هەڵدا. هات و لە قەراخ کانیاوەکە راوەستا و ئەسپەکەی ئاودا.

هیوا گوتی: کەرەم کە رێبوار! سوار بە خۆبایی و فیزەوە ئاوڕێکی داوە و گوتی: کوڕە، ئەوە تۆ لەم بیابانەدا چ دەکەی؟ بۆ کوێ دەچی؟

-وەدوای رۆژ کەوتووم. دەڕۆم بیدۆزمەوە.

سوار دای لە قاقای پێکەنین و بە تیتاڵیەوە گوتی:

-تۆ؟…بەم تەشک و قەڵافەتەوە؟ بەم پۆشەنە دڕاوەوە. پێخاوس و بێ ئەسپ و ئەسڵەحە وە دوای رۆژ کەوتووی؟ بە خودا چاکە.

ئەمەی گوت و دیسان دای لە قاقای پێکەنین. هیوا بێ ئەوەی هەست بە شکاندنەوەی خۆی بکا گوتی:

-ئەسڵەحەی من، باوەڕی منە!

سوار گوتی: باشە باشە دەتەوێ بە کام رێگەدا بڕۆی و پێش ئێمە ئەم کارمامزە راو بکەی! هیوا ئاشێڕەی کردە سنگی خۆی و گوتی:

-لە رێگای دڵمەوە!

سوار گوتی: هەژارەکە! دڵم پێت دەسووتێ!… تا ئەژدیهای ئەم رێگا بێ بەزەییە قووتی نەداوی بگەڕێوە. رۆژ زۆر دوورە. لە ئەو پەڕی بیابان و کوێستانە بەرزەکانەوە ئەزدەیان ساڵە بەم ئەسپە کابووکەوە غار دەدەم و هەنووکە نەگەیشتووم.

هیوا گوتی: رەنگە رێگات لێ ون بووبێ.

سوار گوتی: خوێڕی، بەرەڵڵا! تۆ دەتەوێ رێگام پیشان بدەی؟…

زگم پێت دەسووتێ…ئەگەر دەتەوێ هەستە بکەوە دوای جێ پێ ئەسپەکەی من. من بەرەو دوای جێ پێ ئەسپەکەی من. من بەرەو رۆژئاوا دەڕۆم بە پێچەوانەی ئەوانە کە دەڵێن رۆژ لە رۆژهەڵاتەوە سەرهەڵدەدا. بۆ من روون بۆتەوە رۆژ لە سنگی رۆژ ئاوادایە.. وەرە.. وەرە وەدوای جێ پێ ئەسپەکەم کەوە!

سوار بە خێزێک خۆی هاویشتە سەر زینی ئەسپەکەی و لە ئاوزەنگی کوتا. هیوا هەڵسا و نەختێک راما و لە حاڵێکدا پێدەکەنی و سەری دەلەقاند وەئێ کەوت. هێشتا هێندێک نەڕۆیشتبوو. بە بیستنی خرمەی ناڵی ئەسپێک راوەستا. سوارێکی بینی بە غار دەهات. کاتێ گەیشتە لای هیوا گوتی: ماندوو نەبێ..

سوار بێ ئەوەی وەڵامی بداتەوە گوتی: ئەرێ کوڕە! سوارێکت نەدیتووە؟

هیوا گوتی: چما! بەرەو رۆژئاوا رۆیی.

دیمەنی سوار تێکچوو. تووڕە بوو. چاوە گرژومۆنەکانی بڕییە ئاسۆ دوورەکان و گوتی:

-ئەی غەیان، لاڕێ…

هیوا گوتی: بە کێ دەڵێی

سوار گوتی: بەو سوارە سەرلێ شێواوە

هیوا گوتی: ئەو سوارە قسەی سەیری دەکرد…دەیگوت رۆژ لە رۆژئاواوە سەرهەڵدەدا.

سوار گوتی: هەڵەیە. هەڵەی رووتە! کوڕم، گوێ خۆت لەم قسە قۆڕانە بئاخنە رۆژ لە رۆژ هەڵاتەوە سەر هەڵدەدا…هەمیشە هەروایە. ئەوە یاسای هەتاهەایی سروشتە. هەمیشە رۆژ لە رۆژهەڵاتەوە دێ

هیوا گوتی: رەنگە بیر و باوەڕی تۆیش هەڵە بێ.

سوار تووڕە بوو. قامچی یەکەی هەڵسووڕاند و گوتی:

-من قەت هەڵە ناکەم.. رۆژ لە رۆژ هەڵاتەوە سەرهەڵدەدا.

نەختێک بێ دەنگ بوو. دوایی گوتی: تۆ بۆ کوێ دەچی؟

-منیش وە دوای رۆژم.

سوار بە بزەیەکی تاڵەوە گوتی: جا چۆن؟ بێ ئەسڵەحە. بێ ئەسپ، بێ توێشە؟

هیوا گوتی: من هەمووم هەن. ئەسڵەحەم ئیمانە، ئەسپەکەم ئیرادەیە و توێشەم باوەڕە..

سوار بە گاڵتەوە گوتی: پیاوی چەکدار! پێم بڵێ بزانم رۆژی تۆ لە کێهەلاوە سەرهەڵدێنێ.

هیوا گوتی: ئەگەر رێگا هەتڵە نەکەم لە کوێستانی دڵمەوە!

سوار گوتی: بە خودا، شتێکی خوێن شیرینی…

دوای ئەم قسە بە چوار ناڵە بەرەو ئاسۆی رۆژهەڵات نایە غار. هیوا کەوتە نێو گێژاوی بەحری خەیاڵاتەوە.

-ئەز شێتم؟ ئاخۆ شێتم؟…نەکا راست بێ.. نەکا…

سەرێکی راوەشاند و وەڕێ کەوت. بەڵام فیکر و خەیاڵ بۆ ناو مێشکی هێرشیان هێنابوو.

-نەکا شێت بم! ئاخۆ رۆژ هەبێ؟ رەنگە حەق بە سواری یەکەم بێ! رەنگە سواری دووهەم راست بێ! ئەی خۆ دڵی من کێو نیە.. چۆن رۆژ لە دڵەوە سەرهەڵدەدا…ئای چەند تیتاڵیان پێ کردم!

بە فیکر و خەیاڵاتەوە هەنگاوەکانی تا دەهات بێ هێز دەبوون و ئەو گوڕ و تاوەی جارانی نەمابوو. گەیشتە قەراخ گۆمێکی لیخن و قوڕاو.. ئیتر هێز لە ئەژنۆی بڕابوو، لەپڕ دیتی لە نێو ئاوە بۆگەن و لیخنەکەدا رەلامێکی زل و کەڵەگەت مەلە دەکات. بە دیتنی هیوا گوتی: هۆ کاکەی رێبوار.. ماندوو نەبی

هیوا گوتی: عومرت درێژ بێ

-وادیآرە تەنیای، راوەستە با پێکەوە بڕۆین.

پیاوی زەلام و کەڵەگەت لە ئاوە بۆگەنەکە وەدەر کەوت. قوڕ و لم سەرتاپای پۆشیبوو، بۆنێکی بێرلێکراوی لێدەهات. دیمەنێکی ناحەز و ناشیرینی هەبوو. هیوا بێزی دەهاتێ.. پیاو باش نیە تەنیا بچێتە سەفەر.

هیوا گوتی: رێگام زۆۆ دوورە. دەبێ وەڕێ کەوم. ئەدی نێوت چیە؟

پیاوی ناحەز گوتی: چۆن نامناسی؟ هەموو من دەناسن. زۆر ناسراوم و نێوی من (دڕدۆنگ) ە

-قەت نێوتم نەبیستووە

-بەڵام من ماوەیەکە وەدوات کەوتوم. دیتم تەنیای. دڵم پێت سووتا. ئێستا بەرەو کێهەڵا دەچی، ئەوەندە بە پەلەی؟

-وە دوای رۆژم

-کام رۆژ؟

-دایکی تیشک و رووناکی، دایکی هەتاو…

دڕدۆنگ گوتی: ئەی هوو.. ئەمانە قسەی کۆنن، ئەم وشانە تەنیا دە لاپەڕەی کتێبە کۆنەکاندا نووسراون.

-تۆ درۆ دەکەی، رۆژ هەیە.

-خۆ من دوژمنت نیم برالە! ئەگەر ببوایە دەمگوت هەیە.

هیوا روانیە لووتکەی کێوە بەرزەکان و دڵی لە نێو لەپی سامێکی قورسدا کەوتە خورپە خورپ..

دڕدۆنگ گوتی: زۆر کەس رۆیشتن و نەگەڕانەوە. زۆریش رۆیشتن و جگە لە ئارەقە و زام و ماندوویی چییان نەهێنایەوە.

هیوا بە دەنگێکی کپ و نزمەوە گوتی: بەڵام من دڵم درۆناکا.

دڕدۆنگ گوتی: خەیاڵە…خەونەو و خولیایە.. جار واهەیە پیاو دەکەوێتە نێو خەیاڵ و پێیوایە ئەوەی دەخەیاڵیدایە راستەقینەیە بەڵام ئیتر هیوا تەواو هێزی لێ بڕا. ئەژنۆی شل بوو.

دڕدۆنگ گوتی: بۆ ژیان لە خۆت حەرام دەکەی؟ تۆیش وەک هەمووان سەرت داخە و خەریک ئیش و کاری خۆت بە. ئە: گشتە عەزاب و ئازارە بۆ کێ؟

هیوا گوتی: رەنگە وابێ، بەڵام دڵم..

دڕدۆنگ گوتی: گوێ بە دڵت مەدە. خولیایە، خەونە، خەیاڵە

دڕدۆنگ دەستی هیوای توند توند گرت و گوتی: لێرە نەختێک بحەوێنە. باش تێفکرە، ئەگەر بتەوێ پێکەوە لە قەراخ گۆمەکە خانوویەکی جوان ساز دەکەین و هەموو رۆژی بۆ خۆمان مەلە دەکەین.

دڕدۆنگ و هیوا دە سێبەری دارێکدا راکشان و خەوتن و پڕخە پرخیان وڵاتی داگرت.

هیوا ماوەیەک لە خەودا بوو. لەپڕ بە بیستنی دەنگێک راچڵەکا:

-هیوا، هیوا

هیوا چاوە خەواڵووە: انی پرواند. کچێکی جوان دە بەرامبەریدا راوەستا بوو. جوان و دڵگر. تارای سپی تیشکی لەبەر، شمشێرێکی ئاورینی بە دەستەوە بوو. شمشێرەکە دەدرەوشایەوە. دووباڵی زێڕینی هەبوو. دیمەنی وە: رۆژ تیشکی دەپرژاند.

-هیوا رابە.. رابە فریوی دڕدۆنگ مەخۆ. رۆژ درۆ نیە، راستەقینەیەکی روونە.

-تۆ کێی؟

-من کیژی رۆژم

هیوا ئاوڕێکی دڕدۆنگ دایەوە. دڕدۆنگ خەوتبوو و پرخەی دەهات.. چاوی بڕیە نێو چاوانی کیژی رۆژ و جووڵانە و گوڕ و هێزێکی تایبەتی کەوتە دڵ. کیژی رۆژ شمشێرە ئاورینەکەی بۆ راگرت و گوتی:

-هانێ هیوا، هانێ بەو شمشێرە دڵی رەشی دڕدۆنگ لە- لە- کە.

هەوا روانی بۆ کێوە بەرزەکان..

کێوەکان نەوی بوون.. کۆم و کۆڕڕ دیآر بوون. هیوا هەستی دەکرد بە چەند هەنگاو دەگاتە لووتکە بەرزەکان…کیژی رۆژ گوتی:

-تەماشا کە! ئەو لووتکە بەرزە دەبینی؟ ماڵی من لە وێدایە.

هیوا چاوی بڕیە ترۆپک. نیزیک بوو. هەستی دەکرد دەستی دەگاتێ. هەستی دەکرد ئەو تروپکە دڵی خۆیە. خێرا شمشێرەکەی لە گێژی رۆژ وەرگرت و سنگی دڕدۆنگی هەڵدڕی. دڕدۆنگ تەڕاندی و بوو بە دووکەڵ.. کیژی رۆژ دای لە شەقەی باڵ و شینایی ئاسمانی گرتە باوەش. هیوا شمشێرەکەی دە پشتێندی قایم کرد و بە هەموو هێزێکەوە وەڕێ کەوت. هێزی عالەمی لە دڵدا بوو.

نازانم چەند رۆژ، چەند مانگ، چەند ساڵ بەڕێوە بوو. بەڵام بێ وچان و بەردەوام رێگای دەبری و چاوی لە لووتگە بوو. لووتکە مەبەست بوو. لووتکە مۆڵگەی حەسانەوە بوو. هەر دەڕۆیی و هەر کوێستان لە ژێر رکێفی دا بوو. لە بیابانێکی بەردەڵان تێپەڕی.. لە دۆڵێکی پڕ لە دڕندە و دڕ سەرکەوت. سەرئەنجام رۆژێک گەیشتە ئەوەڵ بەردی بنەڕەتی کێو.. ئەو کێوە بەرزە کەوا ماڵی کیژی رۆژی لە سەر کڵاوە بوو. هەنگاو لە سەر هەنگاو. بێ وچان خڕکە و تاتە و گاشەی بە جێ دەهێشت.. کاتێ گەیشتە کەمەرچینی کێوەکە لەپڕ سێبەرێکی سامناک وڵاتی داپۆشی و دەعبایەکی زەلام رێگای لێگرت. هیوا نەختێک هەستی بە ماندوویی دەکرد. نەفەسی سوار بوو.. روانیە لووتکە.. لووتکە دوور بوو. ئەعباکە دای لە قاقای پێکەنین.

خورپە کەوتە دڵی هیوا، ئاخۆ کیژی رۆژ…درۆ.

دەعباکە وتی: وایە، درۆ.. درۆ

-تۆ کێی؟ چما رێگات لێگرتووم؟

-نامناسی؟ من ناهومێدیم.

ناهومێدی چنگە سامناک و درێژەکانی کردەوە

-چیت لە من دەوێ

-دڵم دەوێ دڵت..

ئەژنۆی هەوا دەهات شل بێ. لەم کاتا دەنگی پڕ لە خۆشەویستی و دڵگری کیژی رۆژ هاتە گوێی-هیوا خۆت مەدۆڕێنە.. وریا بە ناهومێدی بۆرت نەدا.. رۆژ راستەقینەیەکی روونە. هیوا شمشێرەکەی لە کێڵان کێشا. شەڕ و تێک هەڵچوونێکی دژواری دەگەڵ ناهومێدیدا دەست پێکرد. ناهومێدی بە چنگە تیژەکەی چەند برینی قووڵی لە سەر سینگی هیوا چاند. بەڵام هیوا، دوا هێزی بەکار هێنا و بە شمشێری ئاورین سنگی ناهومێدی هەڵدڕی..

ناهومێدی بوو بە خۆڵەمێش

هیوا بریندار و لە خوێن گەوزاو وەڕێ کەوت. برینەکەی سەر سینگی وەک کانیاوێک بە خوڕ خوێنی لێ دەچۆڕا. دڵی خۆی دەبینی لەناو خوێنا دەبزووت.

هیوا لە کێوەکە سەرکەوت. کیژی رۆژ لەسەر لووتکەی کێوەکە راوەستابوو. هیوا بە چنگەڕکێ دواتاشە بەردی بەجێ هێشت. کیژی رۆژ ئامێزی بۆ راگرت. هیوا ئیتر هێزی نەمابوو. خوێن بە فوارە لە کانیاوی سنگی یەوە هەڵدەقوڵا.

لەبەر پێی کیژی رۆژدا بەلا داهات و کەوت. چاوە: انی لێک نا و رۆژ…رۆژ…رۆژ، بە هەزان لێزگ و تیشک و پرشنگەوە لە قووڵایی برینەکەی سەر دڵیەوە سەری هەڵدا و وڵاتی روون کردەوە.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha