جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– شمشاڵ –

شمشاڵ

 

 

خه‌م خه‌نجه‌ره ‌و

ئه‌وه‌نده ‌دڵ

که‌وتووه‌ته ‌به‌ر په‌لاماری

کون‌کون بووه ‌وه‌ک شمشاڵێ

بۆيه کاتێ

شوانه‌ وێڵه‌ی شێعرێکی نوێ

قامکی خۆی بۆ ڕاده‌دێرێ

وا به‌سۆز و کوڵ ده‌ناڵێ!

 

5/3/1371 – May 26, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– دوایین نامه –

دوایین نامه

 

 

نامه‌که‌تم کرده‌وه

چاوه‌ڕوان بووم وه‌ک جاران

بملاوێنێ وشه‌ی جوان

چاوه‌ڕوان بووم

شانه‌ی هه‌نگوێن هه‌ڵمژم!

ده‌ستی وشه‌ی سه‌وزی ئه‌وین شانه‌ کا

وه‌رزی ڕە‌ش و سارد و شێواوی قژم!

وشه‌ی یه‌که‌م

سڵاو، به‌ڵام سارد و سڕ

نێوئاخنی نامه ‌سه‌هۆڵ وه‌ک شه‌خته!

چۆن نه‌مردم؟ نازانم ڕە‌نگه ‌ڕاست بێ

نه‌زیله‌ی کۆن، ده‌ڵێن عاشق گیان‌سه‌خته‌!

دێڕی دوایی، هێڵی گاسنی خه‌م بوو…

گوڵجاڕی دڵ بوو به‌ کێڵگه‌ی جودایی

بڕۆ بڕۆ خودات له‌گه‌ڵ بێ به‌ڵام

دڵی عاشق ناسکه ‌زوو ده‌پرووکێ

له‌ به‌رامبه‌ر ته‌وژمی ماڵئاوایی!

 

29/11/1371 – February 17, 1993

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– میرات –

میرات

 

 

من یادگاری ئه‌و عه‌شیره‌ته‌م

له‌سه‌ر سینگی ژین

گوڵیان به‌ هه‌ودای خوێن ته‌قه‌ڵ داوه!

ئێستا من به‌ڵام

له‌ ده‌سما قه‌ڵه‌م

شیوه‌ن ئه‌کات و

بڕنه‌وه ‌کورته ‌بزمارڕێژەکه‌ی

باوکم له‌ مێژە

سه‌ره‌ونخوونه‌ و

به‌ دیوارێکا له‌ خاچ دراوه.

 

9/5/1370 – July 31, 1991

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– خۆشه‌ویستی –

خۆشه‌ویستی

 

 

خۆشه‌ویستی من!

چۆن به‌رایی‌ دا،

چاوه‌کانت واببینێ من به‌ته‌نیایی!

خۆ دڵی من کۆتری بن گوێسوانه‌ی چاوه‌که‌ی تۆ بوو!

نه‌تئه‌زانی من به‌بێ تۆ

رۆحی نه‌سره‌وتم؟

وه‌ک گوڵی نێو شۆره‌کاتی وه‌رزی بێ‌باران

زڕ ده‌ژاکێ، سیس ده‌بێ، ده‌مرێ!

سه‌د مخابن! من ئه‌وینداری هه‌ژار و تۆ له‌خۆبایی…

ئێسته ‌سه‌رگه‌ردان…

وا ده‌پێوم کوێره‌ڕێی سه‌ختی ژیانی تووش

توێشه‌ خاڵی، ده‌س به‌تاڵ و قاڵبێکی بێ‌دڵ و هه‌ستم!

ئیتر ئه‌م تاڵاوه ‌باده‌ش، ئۆقره‌ نابه‌خشێ.

من ته‌ژی ده‌ردم

نوقمی هاڵاوی خه‌یاڵم

شاعیرێکی شه‌وگه‌ڕی مه‌ستم

ڕە‌نگه‌ نه‌مناسیته‌وه ‌ئه‌مجاره ‌بمبینی!

به‌فری وه‌رزی خه‌م

دۆڵی دڵمی کردووه ‌جێگه‌ی ڕنووی ماته‌م

ون ‌بووه ‌سیمای زه‌مانی لاوه‌تیم، ته‌نیا

تاپۆیه‌ک ماوه…

تاپۆیه‌کی نێومژێکی خۆڵه‌مێشی خه‌م!

ڕە‌نگه ‌چاره‌نووسی من وابێ

وه‌ک چلۆن ته‌نیا له‌ دایک بووم

هه‌ر به‌ته‌نیاش ڕابوێرم ژین

تازه ‌ئاخر هه‌ر به‌ته‌نیایی

سه‌ر بنێمه‌ باوه‌شی مه‌رگ و

بایه‌قووش له ‌کاولاشی نێو دڵی خۆمدا

بۆم بخوێنێ سووره‌تی یاسین

خۆشه‌ویستم! کاتێ من مردم

قه‌ت مه‌پرسه ‌چۆن به‌بێ تۆ ژینم تێپه‌ڕ کرد

ژین نه‌بوو هه‌ر ساته ‌مه‌رگێ بوو

قه‌ت هه‌واڵی شوێنی مه‌رگ و گۆڕە‌که‌م له‌که‌س مه‌پرسه، به‌س

من به‌ڵێنم برده‌سه‌ر، په‌یمانه‌که‌م نه‌شکاند

کاتی مه‌رگیش دواهه‌ناسه‌م هه‌ر به‌یادی تۆوه ‌هه‌ڵکێشا

دواوشه‌م هه‌ر ناوی تۆ، هه‌ر ناوی تۆ، هه‌ر ناوه‌که‌ی تۆ بوو!

 

1376 – 1997

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بووکیان دزی –

بووکیان دزی

 

 

زاوا خۆش‌ بێ، بووکیان دزی

ها… سواران

به‌ جه‌لیت و به ‌ته‌قڵه‌کوت

بردیان بۆ په‌ردووی بێگانه!

سه‌ری ئێوه ‌سه‌لامه‌ت بێ

ئێمه ‌گشتمان په‌ردووگیر بووین

زه‌ماوه‌ندمان بوو به‌ ماته‌م

بیره‌وه‌ری بووکی دزراو…

له‌سه‌ر دڵمان بوو به ‌داخ و

سمێڵه‌خیچکه‌ی زاوای تازه

له‌ چاومانا بوو به ‌تانه!

 

1370 – 1991

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha