جەلال مەلەكشا

جەلال ڕەحیمی مەلەكشان ناسراو بە جەلال مەلەكشا (19ی ئازار 1952 – ٣١ی تشرینی یەكەم 2020ز/ ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٣٠- ١٠ خەزەڵوەری ١٣٩٩ک.ه) شاعیر، نووسەر، ڕۆژنامەوان، ڕەخنەگر، چالاكی سیاسی_كۆمەڵایەتی و ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران بوو.
لە بواری خوێندندا، بڕوانامەی دیپلۆمی لە ئەدەبیاتی فارسیدا وەرگرتووە و دواتر بەهۆی چالاكیی سیاسی و زیندانەوە ناتوانێ درێژە بەخوێندن بدات.
مەلەكشا لە تەمەنێكی كەمدا، ئارمانج‌خوازانە دەست بەنووسین دەكات و بەخێرایی دەتوانێت پەنجە‌مۆری چالاكی و داهێنانە ئەدەبییەكانی بەسەر لاپەڕەی مێژووی ئەدەبی هاوچەرخی فارسی و كوردیدا بنەخشێنێت. جەلال لە دیارترین و كاریگەرترین دەنگەكانی ڕەوتی نوێخوازیی شیعری كوردیی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە. مەلەكشا بە كەڵك‌وەرگرتن لە زمانێكی ئوستوورەیی، شیعری نوێی كوردی و شیعری بەرگریی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی بەرەو قۆناغێكی تازە برد. مەلەكشا جگە لە شیعر، لە بواری چیرۆک، ڕۆژنامەوانی، لێكۆڵینەوە و وەرگێڕاندا بەرهەمی بەرچاو و زۆری لێ بەجێماوه. بەشێ لە شیعرەكانی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەكانی؛ ئینگلیزی، فەرەنسی، ڕووسی، عەرەبی، سویدی، فارسی و هتد.
مەلەكشا لە شیعری فارسیدا، لەژێر كاریگەریی نیمایووشیج، مەهدی ئەخەوان سالس و ئەحمەدی شاملوودا بووە و لە سەرەتای نووسینی شیعری كوردیدا، عەبدوڵا گۆران، لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵا پەشێو و شێركۆ بێكەس بەسەر ڕەوتی نووسینیدا كارگەری زۆریان هەبووە.
جەلال مەلەكشا كە نەخۆشینێكی درێژخایەنی هەبوو لە كۆتاییدا، ئێوارەی ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەكەمی 2020 بەهۆی جەڵتەی دڵەوە كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی گوندی مەلەكشانی سەر بە شاری سنە و لە زێدی بابی و باپیرانیدا بە خاك ‌سپێردرا.


بەستێنی چالاكیەكانی مەلەکشا

• شیعر و چیرۆك
جەلال مەلەكشا لە تەمەنێكی كەم و هەر لە هەڕەتی منداڵی و مێرمنداڵییەوە هۆگری شیعر و نووسین بووە، لە منداڵییەوە دەست بە نووسین دەكات و بە وتەی خۆی یەكەم شیعری كاتێ پۆلی چوارەمی سەرەتایی بووە نووسیوە، خەمنامەیەك بۆ مەرگی كچە دراوسێیەكیان كە نەخۆش دەكەوێ و لەبەر نەبوونی دكتۆر و دەرمان دەمرێت. جەلال لە سەرەتای لاویەتیەوە بەشێوەیەكی تۆکمەتر ڕوو لە نووسینی شیعر دەكات و ئەزموونی شیعریشی بە زمانی فارسی دەستپێدەکات. ڕوانگەی سیاسی و بەگشتی نووسین و چالاكیە ئەدەبی و ڕەخنەییەكانی جەلال لە ژێر ڕەوتی چەپی زاڵ بەسەر كۆڕ و كۆمەڵە ڕۆشنبیریەكانی ئەو سەردەمە دەگیرسێت و گەشە دەكات. لە شیعری فارسیدا لەژێر كاریگەری نیمایووشیج و مێهدی ئەخەوان سالیس و ئەحمەدی شاملوودا بووە و لەو بوارەدا سەركەوتنی زۆر باشی بە دەست هێناوە.
جەلال مەلەكشا هاوكات لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی 1978دا، نووسین بە زمانی زگماكی خۆی دەست پێدەکات و لە ماوەی چەند ساڵدا وەك شاعیر و نووسەرێكی لێهاتووی كورد ناو و ناوبانگ دەردەكات. لە دەستپێکی نووسینی شیعری كوردیدا عەبدوڵا گۆران و لەتیف هەڵمەت و عەبدوڵا پەشێو و شێركۆ بێكەس بەسەر ڕەوتی نووسینیدا كاریگەریی زۆریان هەبووە. سوارە ئیلخانیزادە (كاك سوارە)، فاتح شەیخولئیسلامی(چاوه)، عەلی حەسەنیانی(هاوار) سێ كوچكەی نوێخوازیی شیعری كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان پێكهێناوە و ڕچەیان شكاند و بەدوای ئەواندا نەوەیەكی نوێ لە شاعیرانی كورد دەستیان بە نووسین كرد كە بەبڕوای زۆر كەس جەلال مەلەكشا ئەستێرەی پرشەنگداری ئەو جیلە تازە بوو کە ڕەوتێکی شیعری تایبەت بە خۆی بونیاد نا و زۆر لە شاعیرانی ئەو سەردەمە بەدوای کەوتن. ئەگەر نیمایووشیج وەک یەکەم شاعیری نوێی فارس ناو ببەین، کە کەڵکی لە ماکە ئوستوورەییەکان وەرگرت، جەلال بە کەڵک وەرگرتن لە زمانێکی ئوستوورەیی، شیعری نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو قۆناغێکی نوێتر دەبات و ڕێگایەکی تا ڕادایەک جیاواز لە شاعیرانی پێش خۆی دەگريتە بەر. زۆربەی شیعرەکانی جەلال، یان بە ئپیزۆدێک یان بەگشتی ڕەگێکیان لە ئوستوورەدایە. جەلال پاش شكست‌هێنانی شۆڕشی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، وڵات و خەڵكی خۆی بە جێناهێڵێت و سێ تەوەری سەرەكی دەكات بە هەوێنی هزر و هۆنینەوە، و ژیانی ئەدەبی خۆی بەو سێ ئاراستەیە بەرەو پێش دەبات؛ یەكەم_ ئاراستەی كۆمەڵایەتی: واتا شیعر لای جەلال خواستی تاكەكەسی و خەونی خۆی نییە! دووهەم_ ئاراستەی نەتەوایەتی: واتا مەلەكشا لە قوڵایی ناخیەوە هەست بە كێشەیەكی گەورە بەرامبەر بە نەتەوەكەی دەكات و هەر بۆیە لە شیعرەكانیدا هەست بە خۆشەویستی وڵات و هەوڵدان بۆ پاراستن و ڕزگاركردنی نیشتمان یەك لە گرنگترین و بەرچاوترین تەوەرەكانی شیعری جەلال بە ئەژمار دێ. سێیەم_ ئاراستەی مرۆڤایەتی: واتا شیعر دەبێ پەیامی ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری پێ بێت. جەلال مەلەكشا لە بەر ناوەڕۆكی شیعرەكانی كە دژ بە دیكتاتۆرییەت و دەسەڵاتی داگیركەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە، بە دژواریی زۆر و بەشێوەی نهێنی لە ساڵی 2004دا بۆ یەكەمجار توانی یەكەم كتێبی شیعری خۆی بەناوی «زڕەی زنجیری وشە دیلەكان» بڵاو بكاتەوە و پێشوازیەكی زۆر باشی لێكرا و لە كەمتر لە یەك حەوتەدا بەچاپی دووهەم گەیشت. ساڵی 2014 كتێبێک بە ناوی «كۆی بەرهەمە شیعرییەكانی جەلال مەلەكشا» كە بریتی بۆ لە دوو بەشی شیعری كوردی و شیعری فارسی و بە دیوانی جەلال مەلەكشا ناوبانگی دەركرد دیسانەوە بە شێوەی نهێنی چاپ و بڵاو كرایەوە. چاپی ئەم كتێبە بەهۆی كوالیتی نزم و هەڵەی تایپیەوە، هەرگیز بەدڵی جەلال مەلەكشا نەبوو. بە بۆنەی بڵاو بوونەوەی ئەم كتێبە جارێكیتر مەلەكشا كەوتە بەر لێپرسینەوەی ئیتلاعاتی ئێران و كێشەی زۆریان بۆ درووستكرد. جەلال وەك هەمیشە دیسانەوە كۆڵ نادات و بۆ چاپی دووهەمی ئەم بەرهەمە خۆی سەرپەرشتی كارەكە وە ئەستۆ دەگرێت و لە چاپی 2016دا كتێبەکە زۆر باشتر دەردەچێت و پێشوازییەكی باشی لێدەکرێت.
جەلال مەلەكشا کە سەرەتا بە شیعر دەستی بە نووسین کردبوو، لە بەندیخانەی ڕژیمی پاشایەتیدا دەست بە نووسینی چیرۆكیش دەكات. زۆربەی چیرۆكەکانی لە بڵاوکراوە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەدا چاپ کراون. ساڵی 2013 كتێبێک لە كۆمەڵە چیرۆكە کوردییەکانی مەلەکشا بە ناوی «كارەسات» كە لە نۆزدە كورتە چیرۆك پێکهاتبوو، چاپكرا. زۆربه‌ی ئەو چیرۆکانە کە لە کارەساتدا چاپ کراون، پێشتر له‌ گۆڤاری سروه‌ چاپ ‏و بڵاو بوونەتەوە. شێوازی ‏خه‌تی و ‌یارمه‌تی‌وەرگرتن لە سیمبۆلیزم و هەندێ جار سوڕالیزم، تایبەتمەندیی دیاری قەڵەمی جەلال مەلەکشا لە بواری چیرۆکدایە.‌ جەلال مەلەکشا بەرهەمی زۆری لێ بەجێماوە کە بەهۆی سانسۆر لە ناوخۆی ئێراندا تاکوو ئێستا لە هیچ‌شوێنێ بڵاو نەبوونەتەوە.

• ڕۆژنامەوانی
ساڵی 1966ی زایینی یەكەمین شیعرەكانی مەلەکشا، بە زمانی فارسی، لە گۆڤاری «ئۆمێدی ئێران» و «جەوانان» چاپ و بڵاو دەبنەوە، هەر لەو ساڵەدا شیعرێكی فارسیی مەلەکشا بەناوی «شهر من» واتا «شارەكەم» كە لە «گۆڤاری جەوانان» بڵاو كرابووەوە، وەكوو شیعری یەكەمی مانگی ئەو گۆڤارە دەستنیشان دەكرێت و ئەم ئەزموونانەش دەبنە سەرەتای پەیوەندیی جەلال لە گەڵ ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا و لەوە بە دوا، شیعر و چیرۆك و وەرگێڕانەکانی لە زمانی كوردیەوە بۆ سەر زمانی فارسی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە بەناوبانگەكانی ئەو سەردەمەی ئێران وەكوو: كەیهان، فیردەوسی، كتێبی جومعە، ئیتلاعاتی حەوتانە، ئۆمێدی ئێران، چیستا، سوخەن و هتد بڵاو دەبنەوە.
یەکەم هەوڵی جەلال مەلەكشا لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، سەرەتای ساڵی 1986، دوای بانگهێشتکردنی لە لایەن مامۆستا هێمن‌ەوە بۆ هاوکاری لە بەڕێوەبردنی گۆڤاری سروەدا دەست پێدەکات. مەلەكشا كە تازە لە زیندان ئازاد کرابوو، دەڕواتە ورمێ و لە گۆڤاری سروە و دەزگای سەلاحەدین ئەیووبی دەست بەكار دەبێت و وەكوو ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەو گۆڤارە دەبێتە سەرپەرشتی بەشی شیعر و ئەدەبی سروە و وەڵامدانەوە بە نامەی خوێنەران. بەداخەوە هاوكاری نێوان جەلال و هێمن زۆری پێ ناچێت و دوای چەند مانگێ مامۆستا هێمن كۆچی‌ دوایی دەكات. پاش ئەم كارەساتە دڵتەزێنە سروە ناوەستێ و جەلال مەلەكشا بۆ ماوەی زیاتر لە چواردە ساڵی تەمەنی لەگەڵ پلەبەرزانێ وەكوو مامۆستا ئەحمەدی قازی و مارف ئاغایی و پەرویز جیهانی و كەریم قەیوومی و فارۆق كەیخەسرەوی و عەزیز كەیخەسرەوی باری قورسی چاپ و بڵاوكردنەوەی گۆڤاری سروە و ئەو كتێبانەی كە لە لایەن دەزگای سەلاحەدین چاپ دەكران لە ئەستۆ دەگرن. مەلەكشا بەشێوەیەك گیرۆدەی سروە بوو كە لە چەند شوێندا وا باسی لێدەكات: «لەو سەردەمەدا سروەم وەكوو بەشێ لە گیانی خۆم خۆش دەویست و دڵنیام لەو سەردەمەی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا ئەو گۆڤارە جێی هیوا و ئاواتی زۆربەی شاعیران و نووسەرانی كورد بوو». بەهۆی پێوەندیە باش و بەربڵاوەكانی جەلال مەلەكشا لەگەڵ شاعیر و نووسەر و ئەدیبانی بەشەكانی دیكەی كوردستاندا، بەستێنی سروە چ لە ڕووی خوێنەر و چ لە ڕووی جوگرافیاییەوە زیاد دەكات. بە بڕوای زۆر كەس گۆڤاری سروە لە سەردەمی جەلال مەلەكشا، لە ئاستێكی زۆر بەرزدا كاری دەكرد و خزمەتی بەرچاو و باشی بە زمان و ئەدەبی كوردی كردووە. دوای سروە بۆ ماوەیەك واز لە چالاكی ڕۆژنامەوانی دەهێنێت، تاكوو ساڵی 1999 بۆ هاوكاری لەگەڵ بەشی کوردیی تایبەت بە پارێزگای ورمێی ڕۆژنامەی «جام‌جەم» بانگهێشت دەكرێت. نزیك بە ٤٠ ژمارەی ئەو ڕۆژنامەیە دەست ‌تەنیا چاپ دەكات و زیاترین هەوڵ دەدات كە لەو ڕێگایەوە وەكوو پردێک، پێوەندیەكی باش لە نێوان حكوومەتی هەرێم و باشووری كوردستان و خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان درووست بكات. ئەمەش بوو بە هۆكارێ بۆ ئەوەی كە وەك زۆر لە چاپەمەنیەكانیتر كە جەلال دەستێكی تێیدا بووە چاپی ئەم حەوتەنامە تایبەتەش ڕابگیرێت. جەلال مەلەكشا كە دیسان دەكەوێتەوە بەر پەلاماری ڕژیمی ئێران، ئەمجارە ڕۆژهەڵات بەجێ ‌دەهێڵێت و ڕوو دەکاتە باشووری كوردستان و لەوێشدا لەگەڵ زۆر لە گۆڤار و ڕۆژنامەكانی باشووردا وەک: هەولێر، ئاشتی، ئاسۆ، كوردستان و هتد، بە نووسینی بابەت هاوکاری دەکات. هەروەها بۆ ماوەیەك لە هەولێری پایتەختی كوردستان، گۆڤارێک بەناوی «پرشنگ» دەردەكات كە عومری گۆڤارەكە كورت دەبێت و تەنیا پێنج ژمارەی لێ دەردەچێت. ئەمەش دەبێتە كۆتا هەنگاوی جەلال مەلەكشا لە كاری ڕۆژنامەگەریدا.

• وەرگێڕان
جەلال مەلەكشا بەهۆی شارەزایی زۆر باش و زاڵبوونی بە سەر زمانی كوردی و فارسی و تا ڕادەیەكیش عەرەبیدا، کۆمەڵێك كاری وەرگێڕانی ئەنجامداوە. لە گرنگترین بەرهەمەکانی دەتوانین، وەرگێڕانی شیعری شاعیرانێ وەكوو: شێركۆ بێكەس، عەبدوڵا پەشێو، لەتیف هەڵمەت، جەوهەر كرمان و هتد بۆ سەر زمانی فارسی ناو ببەین. هەروەها زۆر كورتە چیرۆكی لە كوردییەوە بۆ سەر زمانی فارسی و بە پێچەوانەشەوە ئەنجام داوە. جیا لە بەرهەم بە چاپ گەیشتووەکانی لە بواری وەرگێڕاندا، چەندین ڕۆمانیش لە ڕێزی وەرگێڕانەکانی مەلەکشادان کە تاكوو ئێستا بە چاپ نەگەیشتوون.

• دیکەی چالاکییەکان
بۆ ماوەیەک لە دامەزراوەی فەرهەنگیی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی لە ورمێ، سەرقاڵی ڕاهێنان و پەروەردەی نووسەران و شاعیرانی گەنجی کورد بووە.
پاش ئەوەی کە لە ورمێ دەگەڕێتەوە سنە و لەو شارەدا بۆ هەمیشە نیشتەجێ دەبێت، بۆ ماوەیەک لە ئەنستیتۆی زمانی کوردیی ڕاژە وەک مامۆستای زمانی کوردی وانەکانی فێربوونی زمانی کوردی دەڵێتەوە.