بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ياده‌وه‌ری –

ياده‌وه‌ری

 

 

شه‌که‌ت، ماندوو…

بريندار و له ‌خوێن گه‌وزاو

به‌ڵام سه‌ربه‌رز و سه‌ركه‌وتوو

گه‌يشتينه ‌ئه‌م هه‌واره

ڕێگايه‌كی دوور و درێژمان بڕيوه

هه‌نگاو به‌هه‌نگاوی ڕێگا

شه‌تڵی گيانی شه‌هيدێكه

به ‌ئه‌شك و خوێن ئاو دراوه

مێژوويه‌كی پڕ كاره‌سات

هه‌ر وه‌ره‌قی ته‌ژی له ‌ئه‌سرين و زووخاو

به ‌قه‌ڵه‌می ئه‌ويندارێكی نووسراوه

گه‌لۆ سووكی لێ مه‌ڕوانن

به‌ها و قه‌دری ئه‌م کيانه

هه‌رزان نيیه…

زۆر گرانه

ده‌ريا، ده‌ريا، خوێنه، گيانه!

 

له‌ قووڵترين دۆڵی تاريكی مێژوودا

وه‌ڕێ كه‌وتووين

ئاوڕێک بۆ دوا بده‌نه‌وه

ئه‌و ڕێگايه، به ‌كه‌لاك و كاسه‌ی سه‌رمان داپۆشراوه

له‌ هه‌ر شه‌قامێكا گۆڕی شه‌هيدێكه

ئه‌م خاكه‌ گه‌ر هه‌ڵده‌نه‌وه

كۆگای پرچ و بسكی خاو و چاوی جوان و لێوی ئاڵ و..

باڵای عه‌رعه‌ری نازدارێ، تيا نێژراوه‌

ئه‌م كاروانه، باری خه‌م و خوێن و ئيمان و ئامانجه‌

زۆر جار كه‌وتين

زۆر جار به ‌به‌رد و تاوێران گه‌له‌كۆمه‌يان لێ كردين

هه‌ستاينه‌وه‌ و هه‌ر نه‌مردين

ديسان به‌ره‌و لووتكه‌ی ئامانج هه‌ڵكشاين و

مه‌رگیش نه‌يتوانی ڕێگا‌ی ژيانمان لێ بگرێ

پله پله، ته‌رمی خۆمان سه‌ر يه‌ك دانا و

به ‌قاڵدرمه‌ی جه‌سته‌ی خۆماندا سه‌ركه‌وتين.

 

ڕێگا، ڕێگا چ ڕێگايه‌كی ئاسته‌نگ بوو

ئاسمان قه‌له‌مڕه‌وی داڵ و

زه‌وی عه‌رسه‌ی مار و دووپشك

لای خواروومان خه‌رندێكی قووڵ و هه‌زاربه‌هه‌زار و

لای سه‌روومان هه‌ڵه‌مووت و

چوار ده‌ورمان ئاگر و ئاسن

بۆ پڕووز و چه‌قه‌وڕی سووتمانی گۆشت و ئێسقان بوو

له‌ ئه‌م قۆناخ بۆ ئه‌و قۆناخ

سه‌دان جار كه‌وتين و هه‌ستاينه‌وه‌

منداڵ گاڵته‌ی به‌ مه‌رگ ئه‌كرد

له‌ سێبه‌ری ڕه‌شی مه‌رگا

پلانی ژينمان داده‌‌ڕشت

هه‌رزانترين كاڵا گيان بوو

مێژوو ده‌ڵێ، من نانووسم

كورد بۆ ژيان، به ‌ناو دڵی مه‌رگا ئه‌چوو!

ئه‌نفال…

هه‌ڵه‌بجه…

بادينان…

تایلە و كوچكه‌ڕه‌شی سنه…

چوارچرای مه‌هاباد و

شه‌قامه‌كانی قاميشلی و

زيڕه‌ و هاواری گه‌رميان شايه‌تمانن

مێژوو ده‌ڵێ من نانووسم.

تا گه‌يشتن به‌م هه‌واره

سه‌دان قۆناخمان بڕيوه

هه‌زار هه‌زار مه‌رگه‌ساتمان به ‌چاو ديوه

به‌ هه‌زاران له‌ گۆمی واندا خنكاوين

مێژوو ده‌ڵێ من نانووسم

له‌ سه‌ر دوندی ئاگری داخ و

قه‌نديل و شاهۆ دنيامان پڕ كرد له‌ زايه‌ڵه‌ی هاوار

به‌رده‌قاره‌مان و بارزان، شايه‌تمانن.

 

ده‌خيلتان بم!

ئه‌م هه‌واره‌ شڵوێ نه‌كه‌ين

ئه‌م کيانه‌ پڕ گرانه…

له‌ زارۆكانمان تێك نه‌ده‌ين

بهێڵين با…

له ‌سێبه‌ری چڕی ئه‌م داره ‌پيره‌دا

كاروان سه‌رخه‌وێ بشكێنێ

زۆر ماندووه…

ڕێگايه‌كی دووری به‌ قه‌د

درێژايی مێژووی خه‌باتی بڕيوه

ده‌خيلتان بم…

ئه‌م كاروانه ‌هێشتا زووخی له ‌زام ئه‌تكێ

زۆر قۆناخی ديوه ‌به ‌چاو

به‌ند و داوی سه‌دان پيلانی بچڕيوه

شه‌هيده‌كانی چاويان لێمانه‌ چی ده‌كه‌ين

ئارامشی شه‌هيده‌كان مه‌شێوێنن

هه‌نگاوێكی خوار هه‌ڵبگرين، نامان ‌به‌خشن

هێدی بڕۆين و ڕاست بڕۆين

له‌ خه‌و دايان نه‌چڵه‌كێنين

ده‌خيلتان بم…

ڕێگه ‌و بانی ئه‌م هه‌واره

به‌ برژانگی چاو بماڵين

به‌ فرمێسك ئاو پرژێنی كه‌ين

پوخڵ و پيسی به‌جێ ماوی نه‌يارانی لێ ڕاماڵين

ته‌ماشا كه‌ن

ئه‌وه ‌ڕۆحی شێخی پيری پيرانه ‌دێ

قازی خوێن له ‌ڕوخسار ئه‌سڕێ

له‌ سێداره‌كه‌ی چوارچرا دائه‌به‌زێ

شێره‌كه‌ی به‌رده‌قاره‌مان

زامی سينگی به ‌هه‌توانی ئه‌م هه‌وارگه ‌ساڕێژ ده‌بێ

ته‌ماشا كه‌ن…

قاره‌مانی هه‌موو مێژووی كوردان

بارزانی وه‌ك جاری جاران

باڵای به ‌قه‌د باڵای به‌رزی كوردستانه ‌و

لێو به‌بزه، خه‌ريكه ‌دێ

فيشه‌ك لۆخی له ‌قه‌د ئاڵا و

خه‌نجه‌ر له‌ پشتوێن قايم و…

بڕنه‌و له ‌سه‌ر پێ ئاماده

چاوی پڕ له‌ خۆشه‌ويستی نيشتمانه‌.

دێن به‌ سه‌رمان ده‌كه‌نه‌وه‌

ده‌خيلتان بم

نه‌كا دڵه ‌گه‌وره‌کانتان بڕه‌نجێنن

نه‌كا نه‌ختێ لێمان تاڵ بن

تا ئه‌توانين…

ده‌ڵێ كاروان ڕابگرين و

هه‌وارگه‌مان، به‌ هه‌زاران

نه‌خش و نيگار بڕه‌نگێنن!

 

25/12/1396 – March 16, 2018

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha