بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– چریکەی نێو قەفەز –

چریکەی نێو قەفەز

 

 

ھەموو شەوێ

لە ئەودیوی دیوارەوە

باڵندەیەک، دیلی قەفەز

تێی دەچریکاند.

بەستەکانی، ڕووداوانی نیشتمان بوون

لاوک، حەیران، سیاوچەمانەی ئەکرد بە پرد

ھەڵگورد دەستی شاھۆی ئەگرت

لە گەڵ قەندیل

بۆ لای چیای ئاگری ئەچوون!

ھەموو شەوێ

منیش لە پشت دەلاقەی ژوورەکەمەوە

زنجیری دیلیم دەپساند و

ئەسپی خەیاڵم زین ئەکرد

بە شاڕێگەی حەنجەرەی ئەو باڵندەدا

 

بۆ نیشتمان ئەچوومەوە!

دوێنێ شەوێ

شەو بۆنی خەم، بۆنی ماتەمی لێ ئەھات

تا بەیانی چاوەڕوان بووم

دەنگی باڵندەکە نەھات!

ئەوڕۆ بیستم،

لە کازێوەی بەیانیدا

باڵندە دەنگ خۆشەکەیان سەر بڕیوە

بۆ تێکدانی بنکەی سووری بەستەکانی

ڕەگ بە ڕەگی حەنجەرەیان ھەڵدڕیوە!

ئێمشەو دڵم، دەکورکێنێ

باڵندەیەک، باڵ و پەل و پۆ خوێناوی

لە سەر لقی شیعرێ ھێشتا نەگوتراوم

ھەڵنیشتووە و دەچریکێنێ!

 

٢٤/٣/١٣٧١ – June 14, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha